بادینان- پارتی کرێکارانی کوردستان مەرجە سەرەکییەکانی لەپێناو هەڵێنانی هەنگاوی سەرەتایی بۆ پاشەکشێی هیزەکانی لە خاکی تورکیاوە ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی وەتەن، چاپی تورکیا، لە حاڵێکدا خشتەبەندی زەمەنی پاشەکشێ و چەکداماڵینی هێزەکانی پەکەکە بۆتە گرینگترین پێواژۆی سیاسی و ئاسایشی تورکیا، پەکەکە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بۆ پاشەکشێی هێزەکانی چوار مەرجی دیاری کرد.

1- هێزە سەربازییەکانی تورکیا ناوچەکانی قەندیل، خواکورک، زاپ، حەفتانین لە باکووری عێراق وەکوو هەرێمی پاراستنی میدیا و مەڵبەندی سەربازیی پەکەکە بناسێن و دووری بگرن لە هەرچەشنە هێرشێک بۆ سەر ئەو ناوچانە.

2- دەوڵەتی تورکیا لە زووترین کاتدا بە باشتر کردنی بارودۆخی ئەمنی و تەندروستی ئۆجەلان، بەستێن بۆ ئازادی ئۆجەلان دابین بکات و بە کۆتایی هێنان بە سیستەمی ئیمرالی ئەو دەرفەت و ئیمکانە بڕەخسێندرێت کە ئۆجەلان ڕاستەوخۆ، دەوری خۆی لە دانوستانی ئیمرالی بگێڕێ.

3- بەمەبەستی دابین کردنی بارودۆخی یاسایی و حقۆقی گونجاو بۆ پاشەکشێی هێزەکانی پەکەکە، هەرچی خێراتر هەنگاوی پێویست لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە بهاوێژرێت.

4- حکوومەتی تورکیا لە زووترین کاتدا ئەو کارانەی بۆ هاتنەدی داواکاریی کورد پێویستە، ئەنجام بدات و لەڕێگای ڕێفۆرمەوە بەشێوەی جددی و بوێرانە هەنگاو هەڵێنی. بۆ وێنە ئێمە زیندانیانی سیاسیی دۆزی KCK نەک وەکوو زیندانیی یاسایی، بەڵکوو وەکوو بارمتەی ئەم قۆناغە سیاسییە پێناسە دەکەین و داوا لە ئەنقەرە دەکەین ئەو بارمتانە ئازاد بکات.